نوێنەرێکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە پێدانی ٢٧ میلیارد تمەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەر باڵوێزاخانەی بریتانیا لە ئێران کرد.
“ئەحمەد مازنی”، نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی گوتی: “بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی کە بەهۆی هێرشی خوێندکاران بەشێوەیەکی سەرەرۆیانە کرایە سەر باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران، ٢٧ میلیارد تمەن لە گیرفانی خەڵک بۆ قەرەبووکردنەوەی دابین دەکرێ”.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ناوبراو ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەیەکی مەجلیسدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردوە کە لەم پێوەندییەدا ڕوون کردنەوە بدا.
“مازنی ” ڕایگەیاند ئەو بڕە پووڵە کە بەرابەرە لەگەڵ یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار پاوند، بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند بەرهەمێکی هونەرییە کە لە ئاکامی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی بریتانیا شکابوون.
شایانی باسە، لە ئەنجامی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی بریتانیا لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی، ناڕازییان لەوێدا ئاڵای بەریتانیا و وێنەی مەلیکە ئیلیزابێتیان دڕاند و زەرەر و زیانیان بە شوێنی کار و بینای باڵوێزخانەکە گەیاند.
جێی ئاماژەیە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی باڵوێزخانەی بریتانیا لە ساڵی ٩٣ ەوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و بریتانیا بۆ کردنەوەی باڵوێزخانەکە جێگەی باس بووە، بەڵام سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هیچ شتێک ڕانەگەیەندرابوو.