وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری تەواوبوونی ماوەی گەمارۆکانی کڕینی چەکوچۆڵ لەسەر ئێران، نامەیەکی بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان نارد.
بەهۆی نیگەرانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆکانی کڕینی چەک لەسەر ئێران لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، “محەممەد جەوادی زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیم نامەیەکی ئاڕاستەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد. “زەریف” لە نامەکەیدا نووسیویەتی کە درێژکردنەوەی گەمارۆی کڕینی چەک لەسەر ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەوێتە مەترسییەوە. هەر لە نامەکەیدا داوا دەکا کە سنوورێک بۆ ئەمریکا دیاری بکرێت.
“محەممەد جەوادی زەریف” کە بە سیاسەتمەدارێکی فێڵباز و چەواشەکار ناسراوە، بۆ پاراستنی ڕێژیمەکەی لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە و حاشا کردن لە ڕاستییەکان و داپۆشینی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ ناوبراو وەک ئاو خواردنەوە وایە.
“زەریف” زۆر ڕووهەڵماڵاوانە لە نامەکەیدا نووسیویەتی ئەگەر ماوەی گەمارۆکانی کڕینی چەک لەسەر کۆماری ئیسلامی درێژ بکریتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دیارە ناوبراو ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کڕینی چەک و چۆڵ و لوولەی تفەنگدا دەبینێ.
ئەو ڕێژیمە ئێستا کە گەمارۆی کڕینی چەک و چۆڵی لەسەرە و دەوڵەتان چەکی پێ نافرۆشن بۆتە هۆی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا، لەو قسانەی زەریفدا وا دەردەکەوێ کە ئەگەر ڕێژیم بتوانێ چەکوچۆڵی زیاتر بکڕێ، ئاسایش دەگەڕێتەوە ناوچەکە و جیهان.
“زەریف” لە کاتێکدا باسی ئاشتی و ئاسایش دەکا کە لە نێوخۆی ئێراندا هەموو ئازادییەکان بە زەبری چەک سەرکوت دەکا و بەهۆی پێدانی چەک بە گرووپ و میلیشیا و تێرۆریستە بەکرێگیراوەکانی ئاسایشی ناوچەکەی تێکداوە و بۆتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە چەند وڵاتی جیهاندا و خەڵکی ئەو وڵاتانەی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەگژ یەکدا کردوە و ناهێڵێ وڵاتەکانیان ئاشتی و ئاسایش بە خۆیانەوە ببینن.