ماڵپه‌ڕی ڕوانگه که هه‌واڵه‌کانی ناوچه‌ی موکریان ڕووماڵ ده‌کا، ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای به‌شداریی پێنج ئیداره له مه‌هاباد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی فستیڤاڵی ئه‌سپی ڕه‌سه‌نی کوردی، به‌ڵام ئه‌و فستیڤاڵه به نیوه‌چڵی کۆتایی پێهات.
فستیڤاڵی ئه‌سپی ڕه‌سه‌نی کوردی به‌پێی ڕاگه‌یاندنی پێشوو ڕۆژی سێشه‌ممه، ٣١ ی خه‌رمانان به ئاامدهبوونی هه‌زاران که‌سی بینه‌رو، به‌شداریی ١٠٠ ئه‌سپ له یاریگای ئازادیی مه‌هاباد به‌ڕێوه‌چوو.
موسیقی ڕهسهنو چه‌ند تابڵۆیه‌کی هه‌ڵپه‌رکێ له سه‌ره‌تای ئه‌و فستیڤاڵه‌دا بووه هۆی خۆشحاڵیی به‌شداربووان، به‌ڵام به‌هۆی به‌ڕێوه‌به‌ریی ناکارامه‌و نه‌بوونی نهزمو رێک‌وپێکی خه‌ڵکێکی زۆر ڕژانه نێو گۆڕه‌پانی فستیڤاڵهکهو به‌وه‌ش نه‌کرا درێژه به به‌رنامه‌کانی فستیڤاڵه‌که بدرێ‌و لێژنه‌ی داوه‌ران به نیوه‌چڵی کۆتای‌یان به فستیڤاڵه‌که هێنا.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه باس له‌وه ده‌کرێ که هاتنی بازڕهسهکانی ده‌وڵه‌ت بۆ ئیداره‌ی جیهادی کهشاوهرزیو ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ئاڵوگۆڕ له به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و ئیداره‌یه وایکردوه که ئه‌و فستیڤاڵه تێک بچێ.
ڕوانگه نوسیویه‌تی که بێتواناییو ناکارامه‌یی له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و فستیڤاڵهو بڕیاری به‌په‌له بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و به نیوه‌چڵی کۆتاییپێهێنانی بووه‌ته هۆی ناڕهزایهتیو دڵئێشانی زیاتر له ١٠٠ به‌شداربوو که ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وان له شاره‌کانی پارێزگا دووره‌ده‌سته‌کانی وه‌ک ئه‌رده‌وێڵ و تهوهرێزهوه هاتبوون.
به‌شێکی زۆر له‌و به‌شداربووانه‌ش وێڕای ره‌خنه‌ی توند له بهرپرسانو به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و فستیڤاڵه ده‌ڵێن بۆ به‌شدارییان له‌و فستیڤاڵه‌دا له‌بابه‌ت هێنانو بردنی ئهسپهکانو تێچووی هاتوچۆ پووڵێکی زۆریان خه‌رج بووه، که‌چی به‌نیوه‌چڵی کۆتاییهێنان به‌و فستیڤاڵه هه‌موو ئه‌و خهرجو تێچووانه‌ی به‌فیڕۆ داوه.