” مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئاماژە بە بڕیاڕی “دۆناڵد ترامپ” بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ناوکی لە دووساڵی ڕابردوودا گوتی: “ئێستا لە دوو ساڵ لەمەوبەر ئاسایشی ئەمریکا سەقامگیرتر و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پارێزراوترە لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران”.
“پۆمپێئۆ” هەروەها ڕایگەیاند کە هەروەک چۆن ٧٥ ساڵ لەمەوبەر یەکگرتووییەکی جیهانی لە بەرانبەر ئاڵمانی نازیدا هاتە ئاراوە و توانیمان ئەو مەترسییە گەورەیە لەسەر دنیا بسڕینەوە، ئێستاش یەکگرتووییەکمان دەوێ کە بتوانین پێش بە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا بگرین.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: “ڕێژیمی ئاخوندی بۆ ئاسایش و ئاشتی نێونەتەوەیی مەترسیدارە و دەبێ بە هاوپەیمانی و یەکگرتوویی پێشی پێبگیرێ”.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سەرەڕۆیی و ئاژاوەگێرییەکانی و هەروەها کوشتن و سەرکوتی گەلانی ئێران بۆتە ڕێژیمێکی بێزراو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانییەوە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر تەریک دەکەوێتەوە و بەهۆی کردەوەکانییەوە هەر ڕۆژە زیاتر لە ڕۆژی پێشوو ڕیسواتر و زیاتر تەریک دەکەوێتەوە.












