“محەممەد خاتەمی” سەرۆک کۆماری پێشووی ڕێژیم و پشتیوانی سەرەکی “حەسەن ڕۆحانی”، پاش تێپەڕبوونی ٦ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا خەڵکی ئێران بە ئاژاوەگێر و دەسپێکەری ئاژاوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا دەزانێ.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی گوڵانی ٩٩ی هەتاوی، “محەممەد خاتەمی” سەرۆکی باڵی بە ناو ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی، پاش تێپەڕینی ٦ مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨دا و کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و بریندارکردن و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزارکەس بۆ جارێکی دیکە بۆ بەرگری لە کردەوەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەکەیان و بۆ ڕازی کردنی دڵی خامنەیی بێ ئەوەی ئاماژە بە گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران بکا خەڵکەکەی بە تاوانبار زانی کە بۆ بەرگری لە مافی خۆیان و مەدەنییانە ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە و بە فەرمانی خامنەیی تەقەیان لێ کرا و پاش کوژرانی هەزاران کەس خۆپێشاندانەکە سەرکوت کرا.
شایانی باسە کە خاتەمی و ئەوانەی کە خۆیان بە ڕیفۆرمخواز ناوبردوە هیچ کات لە بەرەی خەڵکدا نەبوون و هیچ جیاوازییەکیان لە گەڵ بەرپرسانی دیکەی بناژۆخوازی ڕێژیم و خامنەیی نییە و ئەوەی بۆ هەردوولا گرینگە مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. خاتەمی و ڕووحانی بە کۆمەڵێک دروشمی بریقەدارخەڵکیان هێنایە سەر سندووقەکانی دەنگدان و خەڵکیش بۆ ڕزگاربوون لەو هەموو زوڵم و ستەمەی کە لە ئێراندا هەیە، ویستیان دەلاقەیەک بۆ نەجاتی خۆیان بدۆزنەوە و پشتیوانیان لێ کردن و ئەمەش بێجگە لە کوشت و کوشتار و سەرکوت و لەهەمووی گرینگتر درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی ڕێژیم هیچی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری نەهێناوە.