لەگەڵ ئەوەی کە لە زۆر وڵان تا ئێستا قەرەنتینە هەر بەردەوامە و ژیان ئاسایی نەبۆتەوە، لە هەمان کاتدا کۆڕۆناش لە کوشتنی ئینسانەکان بەردەوامە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە سەرانسەری جیهان لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنادا بڵاودەبنەوە، تا ئێستا زیاتر لە چوار میلیۆن ئینسان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەوانە ٢٨٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی کە قەرەنتینە یا دابڕگە ڕێگەیەک بوو بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا و پێشگیری لە مەرگی ئینسانەکان، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک کێشە و گرفتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا کە یەکێک لەوان کێشەی ئابووری بوو و زیانێکی گەورەی بە جیهان گەیاند. بێکاری، نەبوونی، برسییەتی و هەژاریش لەو گرفتانەن کە تا ئێستاش بەرۆکی خەڵکی جیهانی بەرنەداوە.
قەرەنتینە بۆتە هۆی بێزاریی خەڵکی جیهان و لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتان بۆ خاتری پاراستنی خەڵک بڕیاری قەرەنتینەیان دا، بەڵام خەڵک بەهۆی بێکاری و مانەوە لە ماڵەکانیان، بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان لەو دۆخە دەربڕیوە. بۆ نموونە لە وڵاتی سوئیس لەگەڵ ئەوەی کە قەرەنتینە بەشێوەی پێشوو نەماوە بەڵام خەڵک هاتوونە سەرشەقام و ڕێپێوانیان دژ بە قەرەنتینە بەڕێوە بردوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ لێدانی زەبرێکی گەورە لە ئابووریی جیهان، چەند وڵاتێکی وەک ئەمریکا، ئیتالیا، ئێسپانیا و بریتانیاش زیانێکی گەورەی ئینسانییان بەرکەوت و خەڵکێکی زۆر لەم وڵاتانەدا گیانیان لەدەستدا یا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کە بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی “ماهان”ی سەر بە سپای پاسدارانەوە ڤایرۆسەکە لە چینەوە گۆزرایەوە ئێران و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ مەرامە تایبەتییەکانی وەک ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و هەڵبژاردنەکانی مەجلیس حاشایان لەبوونی ڤایرۆسەکە کرد، بوو بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی شارەکانی ئێران بگرێتەوە و بە هەزاران کەس گیان لەدەست بدەن.












