وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بە هۆی ئەوەی کە فڕۆکەوانیی ماهان کۆرۆنا و تێرۆریزم بە دنیادا بڵاو دەکاتەوە پێویستە گەمارۆ بخەنە سەر ئەو کۆمپانیایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا “مۆرگان ئۆرتێگاس” ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە تویتێکدا نووسی کە ماهان ئێستاش خەریکە پەتای کۆرۆنا بە دنیادا بڵاو دەکاتەوە و هەروەها چەک و تەقەمەنی دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، لەوانە بۆ ڕێژیمی دیکتاتۆری مادۆرۆ لە وێنێزۆئێلا و هەربۆیە وڵاتانی دیکە هەم لەبەر مەترسی کۆرۆنا و تیرۆریزم لە لایەن ماهانەوە و هەم لەبەر ئەوەی کە وڵاتەکەیان لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی نەخرێتەسەر، دەبێ پێش بە گەشتەکانی فڕۆکەی ماهان بەسەر وڵاتەکەیاندا بگرن.
شایانی باسە کە پێشتریش “مایک پۆمپێئۆ” قسەیەکی هاوشێوەی کردبوو و ئاماژەی بە گواستنەوەی پەتای کۆرۆنا دابوو کە لە لایەن فڕۆکەوانیی ماهانەوە کە سەربە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە گوازراوەتە بۆ ئێران و وڵاتانی دیکە.
فڕۆکەوانیی ماهان لەکاتی سەرهەڵدانی کۆڕۆنادا گەشتەکانی بۆ وڵاتی چین ڕانەگرت و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە کۆڕۆنا بگوازێتەوە ئێران و ببێتە هۆی مردنی هەزاران کەس و تا ئێستاش تووشبوون بەم ڤایرۆسە و مردنی خەڵک لە ئێران بەردەوامە.












