هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە، دەڵێ: “بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە لایەن چەند ناوەندێکەوە، زیاتر لە ٣ مووشەک لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئاڕاستەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کراون. ”
وتەکانی “جەواد سلێمانی ” هاوژینی ” ئێلناز نەبیئی” لە حاڵێکدایە کە پێشتریش “حامد ئیسماعیلیوون” هاوژینی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە خرایە خوارەوە و بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی ١٧٦ کەس، ڕایگەیاندبوو کە بە پێی لێکۆڵینەوەکان و شایەتحاڵانیش ٣ مووشەک ئاڕاستەی فرۆکەکە کراون.
شایانی باسە، بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سەربەخۆ لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، پێویستە کۆماری ئیسلامی سندووقە ڕەشەی فڕۆکەکە ڕادەستی لایەنە پێوەندیدارەکانی ئۆکڕاین بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو چەواشەکاریانەی کە لەو پێوەندییەدا کردی و هەروەها ئەو جینایەتەی کە ئەنجامی داوە، سندووقەکەی ڕادەستی وڵاتی ئۆکراین یا هیچ وڵاتێکی دیکە نەکردوە.












