بەرپرسانی ئەفغانستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی خنکاندنی دەیان ئەفغانی لە لایەن هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕایانگەیاند کە ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان بە لاشەی خنکێندراوەکانەوە دیارە.
فەرمانداری یەکێک لە شارەکانی “هەرات” ڕایگەیاند کە تا ئێستا تەرمی ١٨ کەس دۆزراونەتەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیانەوە دیارە و ئەوە پێشان دەدا کە هاووڵاتیانی ئەفغانی پێش ئەوەی کە بخنکێن لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەشکەنجەیەکی بێبەزەییانە کراون و پاشان ناچار کراون خۆیان بخەنە ڕووبارەکەوە و لە ئاوەکەدا بخنکێن.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە تا ئێستا چارەنووسی ٦ کەسی دیکەش نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە نوێنەرێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە لەو ٥٧کەسەی کە لەسەر سنوور خراونەتە نێو ئاوەکەوە ٤٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە .
شایانی باسە کە شەوی ١١ لەسەر ١٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لەسەر سنووری ئەفغانستان و ئێران ٥٧ هاوڵاتی ئەفغانی کە ویستبوویان لە سنووری ئێران بپەڕنەوە، لە لایەن هێزەکانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامییەوە پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر ناچار دەکرێن کە خۆیان بخەنە نێو ڕووباری “هەریڕوود” کە تا ئێستا تەرمی ١٨ کەسیان دۆزراونەتەوە.












