سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕیوەبەرایەتیی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵی”ئەگەر بوومەلەرزە لە تاران ڕووبدا تەنیا لە سەتا ٢٠ دەتوانین قەیرانەکە کونترۆڵ بکەین.
“ئیسماعیل نەجاڕ” بەرپرس و بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی قەیرانەکانی ڕێژیم لە وتووێژێکیدا کە ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی لە گەڵ هەواڵدەریی “فارس” کردی، ڕایگەیاند کە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە لە تاران ئیمکانات و هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانمان نییە و دەبێ دوعا بکەین کە بوومەلەرزە لە تاران ڕوونەدا.
ناوبراو پاش بوومەلەرزەکەی تاران کە بەرەبەیانی هەینی ڕوویدا وتی: “تەنیا لەسەتا ٢٠ ئیمکانات و هێزی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانێکی گەورە وەکوو بوومەلەرزەی تارانمان هەیە و ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ ڕیشتر لە تاران ڕووبدا کارەساتێک نەک بۆ ئێران بەڵکوو بۆ جیهانی لێدەکەوێتەوە و لەوانەیە میلیۆنان کەس ببنە قوربانی”.