لە سنوورەکانی خۆی ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی مافی مرۆڤی “هەنگاو” لە سنوورەکانی “خۆی” چەند کۆڵبەرێک کەوتنە بەردەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراو و ٢ کۆڵبەریش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ئەم سەرچاوەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری “بلەسوور”ی سەر بە شارستانی خۆی تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆی تەقەی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “لوقمان چەهارگوشتە” گیانی لەدەستدا و ٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
هەروەها لە ناوچەی بانەش کۆڵبەرێک بە ناوی “کەیوان کەوسەری” بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەستدا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
کۆڵبەری یەکێک لەو کارە مەترسیدارانەیە کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی بێکاری و نەدارییەوە بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیان پەنای بۆ دەبەن و لەو ڕێگایەشدا ساڵانە سەدان کەس گیان لەدەست دەدەن.