وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە سنوورەکانی ئیسرائیل بەڵکوو دەبێ بە گشتی لە سووریە بچێتە دەرەوە و بە جێگای شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی دیکە با لە بیری خەڵکەکەی خۆیدا بێ.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەری” نیویۆرک تایمز” ، مایک پۆمپێئۆ ڕۆژی چوارشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنگتۆن ڕایگەیاند کە ئێمە ڕاشکاوانە بە ڕێژیمی ئەسەد و ڕووسیەشمان ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ لە سووریە نەمێنێ و بە تەواوەتی بچێتە دەرەوە.
ناوبراو هەروەها گوتی هیوادارم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە جێگای ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی دیکە و لەوانە سووریە کە بە پاڵپشتیکردن لە “بەشارئەسەد” بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارە بوونی ٦ تا ٧ میلیون کەس لە خەڵکی سووریە سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان بۆ خەڵکەکەی خۆیان خەرج بکەن.
شایانی باسە هەندێک لە هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە سپای قودسی کۆماری ئیسلامی ناچار کراوە سووریە بەجێ بهێڵێ.












