دۆناڵد ترامپ بڕیارنامەی کۆنگرەی وڵاتەکەی کە دەسەڵاتەکانی ناوبراوی بۆ شەڕ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران سنووردار دەکردەوە، ڤیتۆ کرد.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا “دۆناڵد ترامپ” ڤیتۆی دژی پڕۆژە یاسای سنووردانان بۆ دەسەڵاتەکانی بۆ شەڕ دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکارهێنا کە لەلایەن هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکاوە پەسەند کرابوو.
ترامپ لە بەیاننامەیەکدا کە لە کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە دەڵێ: “پڕۆژە یاساکە سوکایەتیکردن بوو کە لەلایەن دێموکراتەکانەوە پێشکەش کرا، ئەوەش وەکوو ستراتیژییەک بوو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەڕێگای دووبەرەکی خستنە نێو پارتی کۆمارییەکانەوە”.
جێی ئاماژەیە کە ناکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ڕۆژبەڕۆژ پەرەدەستێنێ و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و جیهاندا بۆتە هۆی مەترسی هەڵایسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا و زۆر جار ناکۆکییەکان دەگەنە سنووری پێکدادان و کۆماری ئیسلامیش بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەکەی بێ گوێدانە ژیان و گیانی خەڵکی ئێران لە سەرەڕۆییەکانی بەردەوامە و ئەمەش مەترسیی شەڕی لە ناوچەکەدا زیاتر کردوە.












