ئەندامی شۆڕای شاری تاران “محەممەد جەواد حەقشناس” لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی شەرق ڕایگەیاند کە لەمانگی ڕەشەمەی ساڵی ٨٨ی هاتاوییەوە تا ئاخری مانگی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ١٣ هەزار کەس لە بەهەشتی زارای تاراندا نێژراون.
“حەقشناس” هەروەها گوتی بە بەراورد لە گەڵ ئاماری ساڵی پێشوو دەتوانین بە ئاسانی ئاماری ئەو کەسانەی بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بزانین کە دەکاتە ٥٠٠٠ کەس تا ٥٦٠٠ کەس تەنیا لە دوومانگدا کە لە تاران گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها “ناهید خوداکەرەمی” ئەندامێکی دیکەی شوڕای شاری تاران ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ٧٠ تا ١٠٠ کەس لە شاری تاران بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتاوە پێشی بە بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاماری ڕاستەقینەی تووشبوانی پەتای کۆرۆناوە گرتوە و هەتا دێ زیاتر هەوڵی پێشگرتن لەو کەس و لایەنانە دەدا کە هەواڵ و ئاماری جیاواز لە حکوومەت بڵاو دەکەنەوە. تەنانەت بە بەڕێوەبەرایەتی ناسنامەیان ڕاگەیاندوە کە بە هیچ شێوەیەک ئاماری مردن بڵاو نەکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەدان کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئاماری تووشبوانی کۆرۆناوە دەسبەسەر کراون و بەشێکیان تا ئێستاش لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.