مێدیاکانی عێراقی ڕایانگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کراون.
لێژنەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێ: “مووشەکەکان لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێک بەر فڕۆکەخانەکە نەکەوتوە”.
بەرپرسانی ئەمنی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان سەکۆی هەڵدانی ئەو مووشەکانەیان لە ناوچەی بەکرییە لە ڕۆژئاوای شاری بەغدا دۆزیوەتەوە.
شایانی باسە کە چەکدار و میلیشیاکانی عێراقی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانییان لێ دەکا تۆمەتبارن بەو هێرشانە و ئەو شێوە هێرشانە بۆ خۆسەپاندن و گوشار خستنەسەر ئەمریکا و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بۆ قبووڵ کردنی داواکاریی ئەو لایەنانەی کە سەر بە کۆماری ئیسلامین ئەنجام دەدرێ و لەم چەند مانگەدا ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی چەند جارێک هێرشیان کردۆتە سەر یەکتر و دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون.












