فەیسبووک لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە سەدان ئەکاونتی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت مێدیا و تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی ئەو ڕێژیمەی بە هۆی کردنەوەی ئەکاونتی ساختەوە لە فەیسبووک داخستووە.
بە پێی ڕاپۆرتی مانگانەی فەیسبووک ئەو ئەکاونتانە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری دژ بە بریتانیا و ئەمریکا، بە تایبەت هەوڵدان بۆ دەستێوەردانی هەڵبژاردنەکانی ئەو دوو وڵاتە و شێواندنی ڕەوتی هەڵبژاردنەکان، هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری درۆ لەساڵی ٢٠١١ و تاکوو ئێستاش بۆ کاری نەشیاو هەر خەریکی شێواندن و بەلاڕێدا بردنی فەیسبووکن، هەر بۆیە لە لایەن ئەو کۆمپانیایەوە بڕیاری داخستنی ئەو ئەکاونتانە دراوە.
شایانی باسە کە ئەوە یەکەم جار نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەکاونتەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەهۆی ساختەکاری و ئاژاوەگێڕییەوە دادەخرێن و لەم ساڵانەدا سەدان ماڵپەڕ و ئەکاونتی ئەو ڕێژیمە داخراون کە یاسا و ڕێساکانیان پێشێل کردووە.