وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل “نەفتالی بێنێت” جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانیان لە سووریە تا ئەو کاتەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوایین هێرشی ئیسراییل بۆ سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە سووریە بووەتە هۆی کوژرانی ١٤ چەکداری ئێرانی و عێراقی سەر بە سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران.
“بێنێت” لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ١١ی ئیسڕائیلدا وتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کارێکی نیە لە سووریەدا و ئێمەش لە هێرشەکانمان ناوەستین تا کاتێ کە ئەو ڕێژیمە و کلکەکانی سووریە بەجێدێڵن.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی شەڕی ناوخۆیی سووریەدا هاتۆتە ئەو وڵاتە و هەوڵ دەدات شوێنی خۆی لە سەر سنووری سووریە خۆش بکات، تاکوو ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر خەڵک و خاکی ئیسرائیل ، هەر بۆیە ئێمە بەهەموو توانامانەوە بۆ وەدەرنانی ئەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە هەوڵ دەدەین و پێویستە کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتە جێبێڵێ.












