دوای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتیکردەوە، سەربازانی ئێرانی کرێکارانی ئەفغانییان خستبێتە ڕووباری “هیرمەند”ـەوە، کرێکارێکی ئەفغانی ڕاستی ڕووداوەکەی بۆ مێدیاکان باس کرد.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر ٥٧ کرێکاری ئەفغانی کە بە مەبەستی پەیداکردنی کار دەیانهەویست لە سنووری ئەفغانستان بپەڕنەوە، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕندانە ئەو کرێکارانە ئەشکەنجە دەکەن و دوای بێڕێزییەکی زۆر هەر ٥٧ کرێکارەکە دەخەنە ڕووباری “هیرمەند”ـەوە. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ٢٣ کەس لە کرێکارە ئەفغانییەکان کە مەلە نازانن لە ڕووبارەکەدا دەخنکێن و تا ئێستا تەرمی ١٣ کەسیان لە خاکی ئەفغانستان لە ڕووبارەکەدا دۆزراونەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە لەلایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە ڕووهەڵماڵاوانە هەواڵەکەی ڕەت کردەوە. لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتی ئەفغانستان ئەو کردەوەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم کرد، لە هەمانکاتدا لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکە پێکهێناوە.
ڕۆژی سێشەمە کۆمەڵێک لە کرێکارانی ئەفغانی خۆپێشاندانێکیان بۆ بەدواداچوون و مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە ئەنجام دا. “شێرئاقا تاهیری” یەکێک لەو کرێکارانەیە کە لەگەڵ ٥٧ کرێکارەکە بووە و ڕایگەیاند کە سەربازانی کۆماری ئیسلامی دوای لێدان و بێڕێزی پێکردن هەر ٥٧ کرێکارەکەیان بە زۆر خستە نێو ئاوەکە و ئیزنیشیان نەدەدا کە بەلەمە ئەفغانییەکانی نێو ڕووبارەکە کرێکارەکان لە مردن ڕزگار بکەن.
“عەبدالستار حوسێنی” نوێنەری خەڵکی “فراه” لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە سەربازانی کۆماری ئیسلامی دوای ئەشکەنجە و بێڕیزی بە کرێکارەکان هەر ٥٧ کرێکارەکەیان خستۆتە نێو ڕووبارەکە کە تا ئێستا تەرمی بێ گیانی ١٣ کەسیان دۆزراوەتەوە و گوتی: ” ئەو کردەوەیە جینایەتێکی نەبەخشراوە”.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە مرۆڤ کوشتن هەیە، لە هیچ جینایەتێک خۆی ناپارێزێ و نەک هەر بە کوشتنی خەڵکی ئێران دڵی ئاو ناخواتەوە، بەڵکوو بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانی چەند ساڵێکە خەریکی کوشتن و بەکوشتدانی خەڵکی فەلەستین، عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و ئەفغانستانە و چەکدارەکانیان بەشێوەیەک ڕاهێناوە کە بێ خوێنڕشتنی مرۆڤەکان ناتوانن درێژە بە ژیان و حکوومەتداری بدەن.












