بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، لانیکەم ١٤ کەس لەو هێزە چەکدارانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ لە بۆمبارانی سووریە لە لایەن ئێسراییلەوە کوژراون و ژمارەیەکیش برینداربوون.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریە بە پشتبەستن بە هەواڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە لە هێرشی هەوایی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو هێزە سەربازییانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیان لیدەکرێ ١٤ کەس کوژراون.
جێی ئاماژەیە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ٣ بنکەی چەک و تەقەمەنی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە ناوچەی “ئەلسەفیرە” لە پارێزگای حەڵەب، کە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین دەکرێ.
شایانی باسە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بۆ چوارەمین جارە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە سووریە.












