“عەلی موتەهری”، نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، ڕاشکاوانە “عەبدولڕەزا ڕەحمانفەزلی” وەزیری دەوڵەت، بە بەرپرسی ڕووداوە خوێناوییەکەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو تاونبار کردوە.
ناوبراو گوتی: ” وەزیری دەوڵەت تاوانباری سەرەکی ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەرە کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان، بەڵام من و ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس داوای ڕوونکردنەوەمان لە وەزیری دەوڵەت کرد و بەدواداچوونمان بۆ بابەتە کرد.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە من تەنانەت ڕەخنەم لە “عەلی لاریجانی” هەیە هەرچەند کە زاواشمە، بەڵام ڕێگەی نەدا ڕوونکردنەوە لە وەزیری دەوڵەت وەرگرین و لە کۆتاییدا بە ئێمەی ڕاگەیاند کە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە و دوای هەڵبژاردن بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئێستاش دەڵێن بابەتی کۆرۆنا هەیە.
موتەهری هەروەها گوتی: ئێستاش درەنگ نەبووە دەتوانن حەوتووی داهاتوو ئەو ڕوونکردنەوەیە بکرێتە یەکێک لە بەرنامەی کاریان.
شایانی باسە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کە بەهۆی بەرزبوونەوەی سێ بەرابەری نرخی بەنزین دەستیان پێکرد و، زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە، لەو خۆپێشاندانەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر خەڵک و لە ئاکامدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.