پاش بە تێرۆریست ناساندنی حیزبوڵای لوبنان لە لایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە و قەدەغە کردنی کارو چالاکی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، ڕۆژنامەی” وەتەنێ ئێمرووز” داوای دەرکردنی باڵوێزی وڵاتانی ئورووپایی لە ئێران کرد.
ڕۆژنامەی ناوبراو وێڕای هێرش کردنە سەر باڵوێزەکانی وڵاتانی ئورووپایی و داوای دەرکردنیان لە ئێران نووسی کە ئەو باڵوێزانەی وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەت ئاڵمان، فەرانسە، دانمارک، بریتانیا، هولەند و ئوسترالیا سیخوڕی بۆ ئیسراییل و ئەمریکا دەکەن و هوشداری دایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بۆ نموونە باڵوێزی فەڕانسە لە ئێران پێشتر وەک باڵوێزی فەرانسە لە وڵاتانی کۆرەی باکوور و پاکستان بووە کە چەکی شیمیایان هەیە و ئەگەری سیخوڕی ناوبراو لەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرە .
شایانی باسە کە باڵوێزی ئاڵمان لە ئێران پێشتر ڕەتیکردبۆوە کە هیچ پێوەندییەکی بە بڕیاری وڵاتەکەیەوە هەبێ لە هەمبەر بە تیرۆریست ناساندنی حیزبوڵای لوبنان.
باڵی سەربازیی حیزبوڵای لوبنان پێشتر وەک تێرۆریست ناسێندرابوو، بەڵام باڵی سیاسی ئەو گرووپە تێرۆریستییە هەر خەریکی کار و چالاکی بوو لە ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی جیهان تا سەرەنجام چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ئەو باڵەش بە تێرۆریست ناسێندرا و ئەمەش بوو بەهۆی تووڕەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پشتیوانی سەرەکی حیزبووڵای لوبنانە و لە ڕێگەی ئەو گرووپەوە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و داڕشتنی پیلانی تێرۆریستییە لە جیهاندا.