هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ دوو لاوی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە گوندی “کانی ڕەش”ی ئەو شارە دوو لاویان بە ناوەکانی “ئالان بەنگین” تەمەن ٢١ ساڵ و “یەحیا ئیبراهیمی” تەمەن ٢٢ ساڵ دەستبەسەر کردووە.
هەرچەند هێشتا هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو لاوە ئاشکرا نەبووە، بەڵام هەندێک لە هەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوو لاوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.
بەپێی زانیارییەکان ئالان بەنگین لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە لە خزمەتی سەربازی بووە.
شایانی باسە کە ڕەشبگیری لاوانی کورد لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی پێکردووە و هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی سنە، بانە و سەوڵاوای مەریوان و چەند شارێکی دیکە دەیان کەسیان دەسبەسەر کردووە.