لە کاتی سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی کۆڕۆنادا ئاو یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانە بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە و ئەمەش بۆتە گرفتی بەشێک لە خەڵکی ئێران.
لە کاتێکدا بۆ پێشگرتن و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا شووشتنی دەست بە ئاو و سابوون یەکێک لە چارەسەرەکانە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوە کردوە کە لە سەتا ٤٠ی خەڵکی جیهان لە ماڵەکانیاندا وەک پێویست دەستیان بە ئاو و سابوون ڕاناگا.
بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە ٣ میلیارد کەس لە ماڵەکانیاندا دەستیان بە ئاوی خاوێن و تەندروست ڕاناگا و تەنانات لە پێداویستییە سەرەکییەکانی تەندروستی بێبەشن.
دەستڕاگەیشتن بە پێویستییە سەرەکەییەکانی وەک ئاو و سابوون بابەتێکی تازە نییە و لە کۆتایی مانگی ڕەشەممەدا لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جیهانی گرتبۆوە، ڕێکخراوی “یونیسیف” ڕایگەیاندبوو کە لە هەر پێنج کەسی نیشتەجێی سەر زەوی سێ کەس لەوان دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی شووشتن ڕاناگا.
یونیسیف جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی جیهان لەو پێداویستییانە بێبەشن.
لە ئێرانیشدا ئامار و زانیارییەکان نیشان دەدەن کە زۆرێک لە دانیشتوانی ئاواییەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان تا ئێستا لەگەڵ کێشەی بێئاوی و نەبوونی تۆڕی ئاوی تەندروست بەرەوڕوون.
جێی ئاماژەیە، لە ئێراندا زۆربەی شار و ئاواییەکان دەستیان بە تۆڕی ئاو ڕاناگا. لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ٦٠ هەزار ئاوایی و نزیکەی ٢١ میلیۆن کەس لە ئێراندا لەو پێداویستییانە بێبەشن.
شایانی باسە، لە ئێراندا بەشی زۆری شارەکان و بە تایبەت شار و ئاواییەکانی کوردستان لەگەڵ کێشەی کەمی ئاو و ئاوی پیس بەرەوڕوون و زۆرێک لە ئاواییەکان دەستیان بە ئاو ڕاناگا و دەوڵەتیش لەم پێوەندییەدا هیچ هەوڵێکی نەداوە و لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستی ژیان کە ئاوە، بێخەمە و هیچ بەرنامە و پلانێکی نییە.