وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە بەرنامەیەکی میدیاییدا گوتی: “تەنیا ترس و دڵەڕاوکێی من لە کۆرۆنا ئەوەیە کە نەتوانم ئەمساڵ بچم بۆ زیارەتی کەربەلا”.
“کیانووش جەهانپوور” وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە بەرنامەی بەربانگی کەناڵی سڵامەتدا لە وڵامی پێشکەشکاری بەرنامەکەدا ڕایگەیاند کە گەورەترین مەترسی کۆرۆنا بۆ من ئەوەیە کە ئەمساڵ نەتوانم بچمە کەربەلا و شەرمەزاری ئیمام حوسێن بم.
شایانی باسە کە لە هەموو دنیادا بەرپرسانی وڵات خەمیان بۆتە گیانی خەڵکەکەیان و بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پەتایە دەدەن کە چی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا هیچ گرینگییەک بە گیانی خەڵکی ئێران نادەن و تەنیا لە بیری پەرەپێدانی بیری مەزهەبی و خەڵەتاندنی خەڵکن بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان.
لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدا کە لە هیچ جینایەت و خیانەتێک بە گەلانی ئێران خۆیان ناپارێزن و دەیان ساڵە خوێنی خەڵک دەمژن، لەم جۆرە بەرنامانەدا بۆ چەواشەکردن و فریودانی خەڵک لێدوان دەدەن و خۆیان بە ئیماندار و دڵسۆزی دین و مەزهەبەکەیان بە خەڵک دەناسێنن و سەرەڕای ئەم هەموو جینایەت و دزی و گەندەڵییە دەیانهەوێ خەڵکیش باوەڕیان پێبکا.