بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای ئیسرائیل ٣ بنکەی چەک و تەقەمەنی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنانیان لە پارێزگای حەڵەب لە سووریە کردە ئامانج.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “سانا”ی سەر بە ڕێژیمی سووریە و هەروەها هەواڵی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٦ی گوڵانی ٩٩ی هەتاوی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ٣ بنکەی چەک و تەقەمەنی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە ناوچەی “ئەلسەفیرە” لە پارێزگای حەڵەب، بەڵام هێشتا هیچ ئامارێکی کوژراو و بریندار یان زەرەر و زیانەکانی بۆردمانەکە ڕانەگەیەندراوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەمە چوارەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە سووریە، بەڵام کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵای لوبنان وەکوو هەمیشە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
جێگای ئاماژەیە کە لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە ئیسرائیل سەدان جار هێرشی کردۆتە سەر سپای قودس و هێزە هاوبەشەکانی لە عێراق و سووریە و کۆماری ئیسلامیش نەیتوانیوە هیچ دژکردەوەیەک لەخۆی نیشان بدا.












