بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان کرێکارانی کارگەی خەڵووزی بەردین لە کرمان دەستیان لە کار کێشایەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، نزیک بە ٣٥٠٠ کرێکاری کارگەی خەڵووزی بەردین لە کرمان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر وڵام نەدانەوەی خواست و داواکارییەکانیان لە مانگرتنی ١ی مانگی بانەمەڕ لە بەرابەر هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیاری سپاردنی پشکی کارگەی خەڵووزی بەردین بە بەشی تایبەتی، جێبەجێ نەکردنی گەڵاڵەی ڕێکخستنی کاری کرێکاران بە پێی جۆر و سەختی کارەکانیان و داواکاری زیادکردنی حەقدەستەکانیان دەستیان لە کار کێشایەوە.
شایانی باسە، کرێکاران لەو چینە هەژار و کەمداهاتانەن لە ئێراندا کە بەهۆی داڕمانی ئابووری، بێ پلانی و بێ بەرنامەیی ئەم وڵاتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانیان خراپتر دەبێت و بە هەزاران کرێکار کارەکانیان لە دەست داوە و بەشێکیشیان بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان و پێنەدانی مووچەکانیان بە ناچاری دەست لەکار دەکێشنەوە.
دەسەڵاتدارانی وڵات بە هیچ شێوەیەک ژیانی خەڵکی هەژار و کەمداهاتیان بۆ گرینگ نییە و بە شوێن بەرژەوەندی و جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی خۆیانن و سەرەوەت و سامانی ئەم وڵاتە کە مافی ئەو خەڵکەیە لە کڕینی چەک و تەقەمەنی و کردەوە تێرۆریستییەکاندا بەکاردێنن.