وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەڵگەیان لەبەردەستە کە کۆڕۆنا لە وڵاتی چین سازکراوە.
“مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی: “بەڵگەی بەهێز هەیە کە کۆڕۆنا لە تاقیگەیەکی شاری ووهان سەرچاوەی گرتووە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، کە زیاتر لە ٦٧ هەزاریان لە ئەمریکا بوون.
ناوبراو پێیوایە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی بە هەڵەدا چوون و دەڵێ: “ئەوەم بینیوە کە دەزگای هەواڵگری گوتوویانە، بەڵام باوەڕم وایە کە ئەوان بە هەڵەدا چوون”.
پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا و نووسینگەی بەڕێوەبەریی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو، لەو باوەڕەدا نین کە زاناکانی چین ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە تاقیگەی چەکە بیولۆژیکەکانی حکومەتی وڵاتەکەیانەوە گەشە پێدابێت و دواتر لەوێوە بڵاوبووبێتەوە.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بەڵگە هەیە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیگەیەکی چینە لە شاری ووهان و گوتیشی “بەڵگەکانم بینیوە”، هاوکات هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە باج بخاتە سەر کاڵای چینی لە بەرابەر ئەو کردەوەی دەوڵەتی چیندا کە ڤایرۆسی کۆڕۆنای بە جیهاندا بڵاوکردۆتەوە.












