لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی بەردەوامی خەڵکی ناوچەی شامات بۆ پێشگرتن لە هێنانی زبڵی ناوچەی میاندواو، بەڵام کاربەدەستان و بەرپرسان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان بەردەوامن.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، گواستنەوەی زبڵی میاندواو بۆ ناوچە شاخاوییەکانی نێوان شامات و شاروێران یەکلابووەتەوە و بڕیار وایە لە داهاتووشدا بەپێی پلانی وەزارەتی ڕێگەوبان و شارسازی زبڵی ناو شاری مەهاباد و ژمارەیەک شارۆچکەی دیکە بۆ ئەو ناوچەیە بگوازرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی ئەم ناوچەیەی لێکەوتۆتەوە و پێیان وایە یەکێک لەم هۆکارانەیە کە دەبێتە هۆی کۆچی ناچاریی خەڵکی ئەو ناوچەیە و چۆلکرنی ناوچەکانی دەورووبەری شامات.
شایانی باسە، ئەمە جیا لە زیانە ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی، گواستنەوەی زبڵ بۆ ناوچەیەکی زۆر ئاوەدان، هۆکارێکە بۆ گۆڕینی دیموگرافی باشوری پارێزگای ورمێ .
پێدەشتەکانی شامات و چۆمی مەجیدخان ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لە پاراستنی قوڵایی ستراتیژیی شارەکانی موکریان؛ بەتایبەت مەهاباد، بۆکان و نەغەدە. بۆیە تا ئێستا لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی قۆناغ بە قۆناغ هەوڵدراوە دیموگرافی ئەو ناوچانانە بگۆڕن.