لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندی کۆڕۆنا بە شارەکانی کوردستاندا هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەرکی خۆپارێزی و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەوتۆتە ئەستۆی کەسانی دڵسۆز و خۆبەخش لە شارەکانی کوردستاندا و تا ئێستاش بەردەوامە.
کەسانی نیشتمانپەروەر و ئەرک وەخۆگر لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی و کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەرجۆرێک لە دەستیان هاتبێ لە هاوکاریکردنی خەڵک درێغیان نەکردوە.
دڵسۆزانی نیشتمان توانیان لەو ماوەیەدا ئەو کەلێنە پڕ بکەنەوە کە پێویست بوو دەسەڵات و حکوومەت بیکەن، ئەوان هەر زۆر زوو وەخۆ کەوتن و دڵنیابوون لەوەی کە ئەوە تەنیا خۆیانن دەتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن و لە ئەگەری ڕوودانی هەر کارەساتێکدا ئەوە هەر خۆیانن دەبێ یەکگرتوانە پشت و پەنای یەکتربن.
ئەوان بە وەڕێخستنی چەندین کەمپەین لە ژێر ناوی جیاوازدا کە هەر یەکێکیان هیوا بە ژیان و بەردەوامی بە ژیان تێیاندا ڕەنگ دەداتەوە دەستیان بەکارەکانیان کرد.
جێی ئاماژەیە لەم دۆخە قەیراناوییەی کە بەرۆکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی گرتوە، دەیان ڕێکخراوی جۆراوجۆر و خەڵکانی خۆبەخش دەستیان داوەتە یارمەتی گەیاندن بەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە کە زیاتر لە مەترسی تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنادان و بە دەیان بەستەی خواردەمەنییان لە نێوان خەڵکی کەم داهاتی شار وگوندەکانی کوردستاندا بڵاو کردەوە. هەروەها لە لایەکی تر پارێزەرانی ژیان لە چالاکی گەنبڕکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکان هەر بەردەوامن و خزمەتێکی بەرچاویان کردوە و دڵسۆزان و خەمخۆران بەردەوام سەردانی پزیشک و پەرستارەکانیان لە نەخۆشخانەکانی کوردستان کردوە و سپاس و پیزانینی خۆیانیان لە هەمبەر زەحمەت و ماندووبوونەکانیاندا پێڕاگەیاندوون.
لەگەڵ ئەوەی یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی خۆپاراستن، مانەوە لە ماڵەوەیە کە پێویستی دەکرد لەلایەن حکوومەتەوە لە باری تەندروستی و بژیوی ژیانەوە هاوکاری خەڵکی کردبایە، بەڵام هەرگیز خواست و پێداویستی گەلانی ئێران پرسی ڕۆژی ئەم ڕێژیمە نەبووە خۆی بە بەرپرسیاری ژیانی خەڵک نەزانیوە.