بە پێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان و بە پشتبەستن بە دوایین ئامارە بڵاوکراوەکان لە سەر دۆخی خراپی ئابووری لە ئێراندا، نرخی هەڵاوسان و بێکاری لە پارێزگاکانی ئێراندا بە پێی لێکۆڵینەوەکان وا نیشان دەدەن کە پارێزگاکانی سنە و لوڕستان لە مەترسیدارترین بارودۆخدان.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی “تجارت نیوز”، لورستان بە نرخی لە سەتا ٥٣،٨ بە نەدارترین و هەژارترین پارێزگا دیاریکراوە و بە جۆرێک نرخی بێکاری لە سەتا ١٦،٨ و نرخی هەڵاوسان گەیشتۆتە لە سەتا ٣٧ لەو پارێزگایەدا.
پارێزگای سنە و چوارمەحال وبەختیاری هەریەک بە دوای یەکدا بە نرخی لە سەتا ٥١،٦ و ٤٨،٧ لە ڕیزبەندی دووهەمدا جێیان گرتوە. هەروەها کرماشان لە پلەی چوارەم و ئیلام لە پلەی شەشەمدا جێیان گرتوە.
شایانی باسە، دوای تێپەڕینی چوار دەیە بەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کاربەدەستانی ئەو وڵاتە جیا لە نەبوونی و نەداری و هەژاری و کوشت و کوشتار هیچ شتێکی تریان بۆ کوردستان بە دیاری نەهێناوە.