“برایان هوک” بە ئاماژە بە دۆخی خراپی کۆڕۆنا لە ئێراندا ڕایگەیاند، ئێران پارێزگاری لە دانیشتوانی وڵاتەکەی لە بەرابەر کۆڕۆنادا ناکا.
“برایان هوک”، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، بە ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناوی کۆڕۆنا ڕوو لە خەڵکی ئێران گوتی: ” ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرابەر کۆڕۆنادا پارێزگاری لە خەڵکەکەی ناکا”.
ناوبراو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بڵاوی کردۆتەوە بە ڕاشکاوانە گوتی: ” جێی سەرسووڕمان نییە، ڕێژیمێک کە لە مانگی نوامبەری ساڵی ڕابردوو بە هەزارن کەسی کوشت و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کرد، پاریزگاری لە خەڵکەکەی لە بەرابەر کۆرنادا نەکا.”
ناوبراو هەروەها گوتی: ” بە درێژایی حوکمڕانی ئەو دەسەڵاتە، بەرپرسانی ئێران بەرژەوەندی و ئیدیۆلۆژی خۆیان هەموو کات خستۆتە پێش پێوستیی و سەلامەتی خەڵک لەو وڵاتەدا”. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خاتری بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و هەڵبژرادنی شانۆیی لەم وڵاتەدا حاشایان لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا کرد، هەروەها ئەوان گەشتەکانیان لەگەڵ چین ڕانەگرت و ئامارێکی زۆری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پەردەپۆش کرد.
نوێنەری تایبەتیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تاوانبارکردنی ئەمریکا، هاوکارییەکانی ئەم وڵاتەی ڕەت کردەوە و ڕێگەی بە پزیشکانی بێ سنووریش نەدا لە ئێراندا بمێننەوە ، ناوبراو بۆ جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هاوکارییە پزیشکی و مرۆڤدۆستییەکان ناگرێتەوە و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەموو کات گوێ لە دەنگی خەڵکی ئێران دەگرێت و پشتیوانییان لێ دەکا.












