ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژە بە ” دۆخی خراپی ئازادی ڕادەربڕین” لە ئێراندا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ” سانسۆر وەک یەکێک لە پیشێلکارییەکانی ئازادی ڕادەربڕین، هۆکاری سەرەکی گەندەڵیی فەرهەنگیی کۆمەڵگەیە و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی فەساد، دزی، ڕاووڕووت و بەرتیل خۆری لەم وڵاتەدا.”
لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ بە بۆنەی ” ڕۆژی جیهانی ئازادی چاپەمەنی” ٣ی مانگی مەی بڵاوی کردۆتەوە، هاتوە ” لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان جێگە وپێگەیان وەک بڵاوکراوەیەکی کاریگەر، بە ئاماژە بە دۆخی خراپی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لەدەست دەدەن.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها بە ئاماژەدان بە ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن هەواڵنێرانی بێ سنوور، هاتوە ” لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی وڵات، زیاتر لە ٨٩٠ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێریان دەسبەسەر کردوە و خستوویاننە بەندیخانەوە و تەنانەت حوکمی ئێعدامیشیان بەسەر هەندێک لەواندا سەپاندووە.
جێی ئاماژەیە، بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکراوەکان و ئازادیی ڕادەربڕیندا لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا لە ڕیزی ١٧٣ دا جێی گرتوە.