“سوهراب موردای”، چالاکی مەدەنی خەڵکی “شائابادی” کرماشان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارەوە بانگ کرا.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکا.
“سوهراب مورادی” یەکێک لەو چالاکوانانەی شاری کرماشانە کە وێڕای چەند کەسی تر لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، دوای ڕووداوەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بۆ چەند جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.
شایانی باسە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کە بەهۆی بردنەسەری سێ بەرابەری نرخی بەنزین دەستیان پێکرد و، زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە، لەو خۆپێشاندانەدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ خەڵکێکی زۆریان کوشت و دەسبەسەر کرد و خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت کرد. بەپێی ئامار و زانیارییە بڵاوکراوەکان بە هەزاران كەس گیراون و چەندین كەسیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی هەزاران كەسی دیكەش نادیارە، کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بانگکردن و لێپرسینەوە لەو کەسانە هەر بەردەوامە و گوشارێکی زۆریان خستۆتە سەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداربوون.