لە درێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی “مەحموود مورادی” تەمەن ٢٢ ساڵ کە تازە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی تریش شەوی ١٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی ” محەممەد ئیبراهیمزادە” تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی “نەبیاوای” ناوچەی ڕەبەت، لە نێوان گوندەکانی نۆکان و کانی زەردی ناوچەی سەردەشت بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژرا.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی “سەدیق ئەحمەدی” لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی سنووری “وەکیل” سەر بە شاری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە سەختی بریندار بوو.
شایانی باسە، کۆڵبەری یەکێک لەو ڕێگە ناچاراییانەیە کە خەڵکی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان پەنای بۆ دەبەن و لەم ڕێگە پڕ مەترسییەدا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن.
جێی ئاماژەیە، ژمارەی ئەم کۆڵبەرانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی کە بەهۆی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون، ٢٤٠ کەس بووە. لەو ٢٤٠ کەسە ٧٣ کەسیان کوژراون و ١٦٧ کەسیش بریندار بوون و بۆ ئەمانەش نەک بیمەی بێکاری نییە بەڵکوو بە مافیای کەلوپەلی قاچاخ ناویان دەبەن.