سپای پاسداران بە پیلانگێرێ و ئاژاوەنانەوە دەیهەوێ خەڵکی دوو گوندی ناوچەی شنۆ بەگژ یەکدا بکا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، سپای پاسداران لە ڕێگەی چەند کەس لە جاشە بەکرێگیراوەکانیەوە کە ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراوە، خەریکی ئاژاوەنانەوە لەنێوان خەڵکی گوندەکانی دڕوو و شێخانی ناوچەی شنۆدایە.
ئەم دوو گوندە کە لەیەکەوە نزیک و هاوسێی یەکن، ناکۆکیان لەسەر لەوەڕگەیەک هەیە و ڕێژیمیش ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە لە ڕێگەی چەند جاش و بەکێگیراوێکەوە دەیهەوێ ئاڵۆزی و دژمنایەتی بخاتە نێو خەڵکی ئەم دوو گوندە. ڕێژیم یەکێک لە جاشەکانی ڕاسپاردووە کە بچێ ئەو لەوەڕگەیە تێکبدا و لەوێ خانووبەرەیەک بۆزۆی ساز بکات، لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک سکاڵایان بردۆتە لای دەزگا پێوەندیدارەکان، بەڵام ئەوان بێدەسەڵاتی خۆیان لەو کێشەیە ڕاگەیاندووە و گوتوویانە کە ئێمە ناتوانین چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین و ئەم کێشەیە پێوەندی بە سپای پاسدارانەوە هەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەهەر هەلێک بۆ سازکردنی کێشە و ناکۆکی و بەگژ یەکداکردنی خەڵک کەلک وەردەگرێ و دەستوپێوەندەکانی هاندەدا کە ناکۆکی بخەنە نێوخەڵک، بەڵام خەڵکی وریا و وشیاری کوردستان دەبێ بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتیکردن پیلانەکانی دژمن پووچەڵ بکەنەوە ونەهێڵن خەونی دژمنان بێتە دێ و برایەتی و یەکڕیزی خۆیان لەسەر ئەم شتە لاوەکییانە تێکنەدەن و خۆیان کێشەکان چارەسەر بکەن.