دژایەتیی توندی ١٢ هەزار پارێزەر لە هەمبەر پێشنووسی بڕیارنامەی تازەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران
١٢ هەزار پارێزەر دژایەتی خۆیانیان لە هەمبەر پێشنووسی بڕیارنامەی دەزگای دادی ڕێژیم دەربڕی کە بەپێی ئەم پێشنووسە دەسەڵاتی پارێزەرەکان بەرتەسکتر دەکاتەوە.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی ١٢ هەزار پارێزەری ئێرانی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی دژایەتی خۆیانیان بۆ ئەو پێشنووس و بڕیارنامەیە دەربڕی کە زیاتر لە جاران پارێزەرەکان دەخاتە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمەوە و هیچ سەربەخۆییەکیان نامێنێ و هەروەها دەسچنکردنی هەندێک پارێزەری سەر بە ڕێژیم وەکوو شۆرای پارێزەران و گوشار خستنەسەر پارێزەرانی سەربەخۆ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەو بریارنامەیەدا کە لە لایەن جێگری دادوەریی سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمەوە ئامادە کراوە بە تەواوی بێ مانا و دوور لە یاسا و ڕێسا جیهانییەکانە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل و یەک ساڵ دەسەڵاتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی داوە و ڕۆژبەڕۆژ بەرتەسکتریان دەکاتەوە و دەیهەوێ دەنگەکان لەگەروودا بخنکێنێ و هەموو مافە ئینسانییەکان پێشێل بکا بەڵام ئازادیخوازان، ڕۆژنامەوانان و پارێزەرانی خاوەن هەڵوێست هەردەم لەبەرابەر زوڵم و ناعەدالەتی ڕێژیمدا ڕاپەڕیون و ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی ڕێژیم دەربڕیوە.