“عەلی ڕەبیعی” وتەبێژی حکوومەتی ڕوحانی دەڵێ، لە ئەگەری درێژکردنەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، دژکردەوەی توند پێشان دەدەین.
ڕەبیعی لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی ئیسنا وتی: “ئەگەر ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی سەر چەک و تەقەمەنی ئێران کە چەند مانگی دیکە ماوەکەی بەسەر دەچێ و کۆتایی دێ درێژ بکەنەوە، ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران دژکردەوەی زۆر توندی دەبێ و ئاژاوە دەکەوێتە ناوچەکە و جیهان و ئەمەشمان بە ڕاشکاوی بە ئەمریکا و ئورووپاییەکانیش ڕاگەیاندوە” .
شایانی باسە کە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بازنەی گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە و پێوەندییەکانی بە دنیای دەرەوە بەرتەسکتر دەبنەوە، لە نێوخۆشەوە بارودۆخێکی ناسەقامگیر و قەیراناوی بەرۆکی پێگرتوە و هەر ڕۆژە قەیرانێک بە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ئەو ڕێژیمەوە زیاد دەبێ و لەو نێوەشدا تەنیا خەڵکی ئێرانن کە دەبنە قوربانیی هەڵەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران .