هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر سنووری ئەفغانستان و ئێران، ٥٠ کەسی ئەفغانی پاش ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر دەخەنە نێو ڕووباری “هیریڕوود”ەوە و١٠ کەسیان دەخنکێنن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان وهەروەها شایەتحاڵەکان، پەنجا کەسی خەڵکی ئەفغانستان، ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی کە ویستبوویان لە سنووری ئێران بپەڕنەوە لە لایەن هێزەکانی سەر سنووری دەروازەی بەناو”زولفوقارەوە” دەسبەسەر دەکرێن و پاش لێدان و بێڕێزییەکی زۆر ناچار دەکرێن کە خۆیان بخەنە نێو ئاوی ڕووبارەکەوە و لە ئاکامدا ١٠ کەس لەوان کە مەلەیان نەزانیوە دەخنکێن و تەرمەکانیان لە ئەفغانستاندا دۆزراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە دەوڵەتی ئەفغانستان داوای ڕوونکردنەوەی بە پەلەی لە کۆماری ئیسلامی کردوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێک لە لایەن بەرپرسانی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامییەوە بەو کردەوە جینایەتکارانەیە نەدراوەتەوە.
شایانی باسە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە سەر سنوورەکاندا بە شێوەیەک ڕاهێنراون کە بە هیچ جۆرێک ڕەفتاری مرۆڤدۆستانە و ئینسانی نازانن و مرۆڤ کوشتن بە لایانەوە زۆر ئاساییە و ئینسان کوشتن بۆتە ئەرکی ڕۆژانەی هێزە ئیتلاعاتی و چەکدارەکانی ڕێژیم و دەست لە کەس ناپارێزن.