قەدەغەکرانی چالاکیی گرووپی تیرۆریستی حیزبوڵای لوبنان لە ئاڵمان و بە تێرۆریست ناساندنی ئەو گرووپە لە لایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە، بووە بەهۆی توڕەبوونی لە ڕادەبەری بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
“عەلی شەمخانی” سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کاردانەوە بە بڕیارەکەی ئاڵمان لە پەیامێکی تویتێریدا کە بە سێ زمانی فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی بڵاویکردوە ، بێ ئەوەی ناوی وڵاتی ئاڵمان بێنێت نووسیویەتی: “ئەوانەی چەکی کۆمەڵکوژیان بە سەددام حوسێن فرۆشت بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن و لەترسی هاوڕێ منداڵکوژەکەی خۆیان، حیزبوڵای قارەمان بە تێرۆریست دەناسێنن”.
شایانی باسە کە پێش ناوبراو، “عەباس مووسەوی” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران قەدەغەکرانی چالاکییەکانی حیزبوڵای لوبنانی بە بێڕیزی بە دەوڵەت و نەتەوەی لوبنان ناوبرد و وتی ئەو کارە نیشاندەری بیرنەکردنەوەی دەوڵەتی ئاڵمانە، بەڵام هەتا ئێستا دەوڵەتی لوبنان هیچ هەڵوێستێکی لە هەمبەر بەتیرۆریست ناساندن و قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە ئاڵمان نەبووە.
وەزارەتی نێوخۆی ئاڵمان ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ چالاکیی هەموو هێزەکانی سەر بە حیزبوڵای لەو وڵاتە قەدەغە کرد و پۆلیسی ئاڵمان دەستی بە گەڕان و پشکنینی چەند مزگەوت و شوێنی کۆبوونەوەی تۆڕەکانی حیزبوڵا کرد و دەیانهەوێ پێش لە کردەوەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بگرن کە ساڵانێکە بە پارە و سامانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی کردەوەی تێرۆریستی و کوشتنی ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی و جیهانین.