شەوی ١٣ی بانەمەڕ کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی ڕەبەت لە نێوان گوندەکانی “نۆکان” و “کانی زەرد” کوژرا.
بەپێی هەواڵێک کە بە تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ گەیشتوە، شەوی ١٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان گوندەکانی نۆکان و کانی زەردی ناوچەی سەردەشت تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “محەممەد ئیبڕاهیمزادە” خەڵکی “نەبیاوای” ناوچەی ڕەبەت کوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی ٣ منداڵە و بەهۆی نەبوونی کار بۆ بژیوی ژیان ڕووی کردبووە کۆڵبەری و لە ڕێگای پەیداکردنی ناندا گیانی لەدەستدا.
کۆڵبەری لە کوردستان و بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان بۆتە کارێک بۆ پەیدا کردنی نان و کوشتنی کۆڵبەرانیش لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆتە ئەرکی ڕۆژانەیان و ساڵانە سەدان کەس لەو ڕێگایەدا گیان لەدەستدەدن و بریندار و نقوستان دەبن.
بێکاری لە کوردستان و پێڕانەگەیشتنی دەوڵەت بە کوردستان و خەڵکی ئەم ناوچانە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەژار و نەدار پەنا بۆ کاری مەترسیداری کۆڵبەری بەرن و لەو ڕێگەیەشدا لە پێناو ناندا گیان لەدەست دەدەن.