ڕێکخراوی “هەواڵنێرانی بێسنوور” نیگەرانی خۆی لە هەمبەر دۆخی ژیان و ئاسایشی ڕۆژنامەوانانی ئێرانی لە تورکیە دەربڕی و داوای لە تورکیە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەو ڕۆژنامەوانانە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی٩٩ی هەتاوی، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی پەنابەرانی ئێرانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی تورکیە دەربڕی و داوای لە دەوڵەتی تورکیە و کۆمیساریای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە زووترین کات شوێنێکی دیکە بۆ گواستنەوەی ئەو ڕۆژنامەوانانە دابین بکەن کە گیانیان لە مەترسیدایە.
ئەو ڕیکخراوە هەروەها بە ئاماژە بە کوژرانی مەسعوود مەولەوی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک دۆخی تورکیە بۆ ڕۆژنامەوانانی ئێرانی گونجاو نییە.












