لە شاری سنە بە بۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان، لە لایەن لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە چالاکیی تەبلیغی ئەنجامدرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە شاری کوردپەروەر و دێموکراتی سنە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان و پێشەوا و پێشەنگی کوردایەتی قازی محەممەدی هەمیشە زیندوو، چالاکیی تەبلیغی ئەنجامدرا، لاوانی ئەو شارە لە گەڕەکەکانی” فەیزاوا و فەرەح ” بە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە جارێکی دیکە پەیمانی خۆیان لە گەڵ ڕێگا و ڕێبازی پێشەوا نوێکردەوە.
شایانی باسە کە سەرەڕای شەهیدکردن، لە سێدارەدان، زیندان و سەرکوت و زەبرو زەنگی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان، بەڵام لاوانی کورد تا دێ هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی و وەفادارییان بە ڕێباز و ئامانجە بەرزەکانی پێشەوای نەمر زیاتر و زۆرتر لە گەشەسەندن دایە.