ئیسرائیل لە یەک حەفتەدا ٣جار هێرشی کردۆتە سەر سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە خاکی سووریەدا و هێرشەکانی بۆسەر ئەو گرووپانە خێراتر و چڕترکردۆتەوە.
بەپێی هەواڵی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لە خاکی سووریەدا چڕتر بۆتەوە و ئەو هێزانەی بە تەواوی شپرز کردووە، بە تایبەت ناوەندی هێرشەکانیش پارێزگای “حومس” دەگرێتەوە لە باکووری دیمەشقی پێتەختی ئەو وڵاتە کە بنکە و بارەگا سەربازییە هەرە گرینگەکانی سووریە و سپای قودس و حیزبوڵا لەو پارێزگایە دان.
ڕادیو ئیسرائیل و چاودێری مافی مرۆڤی سووریە باس لە ٣ هێرش لەیەک حەفتەدا دەکەن کە دووهێرشی دوایی تەنیا ١٠ کاتژمێر مەودایان هەبووە.
هەروەها ئەو سەرچاوانە باس لە کوژران و برینداربوونی دەیان کەس و تەقاندنەوەی جبەخانەکانی ئەو سێ لایەنە دەکەن و باس لە خەسارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی لە بنکەیەکی نیزیک “حومس” دەکەن.
سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران بە هاوکاری حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکان پاڵپشتی سەرەکی و هۆی مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەدن و لە پێناو ئەو سەرکردە دیکتاتۆرەدا خوێنی سەدان هەزارکەسیان لە خەڵکی سووریە ڕشتوە، بە میلیۆنان کەسیان ئاوارە و دەربەدەر کردووە و بوونەتە هەڕەشەیەکیش بۆسەر خاک و خەڵکی ئیسڕائیل و هەر بەم هۆیەوە لەلایەن سپای ئیسرائیلەوە بۆمباران و مووشەکباران دەکرێن.












