کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە ساڵی ٢٠١٨ لە دانمارک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆری یەکێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی دادگایی کرا.
دادگایەک لە شاری “کۆپێنهاگن” لە وڵاتی دانمارک ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕ٩٩ی هەتاوی، کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە تا ئێستا ناوەکەی بۆ مێدیاکان باس نەکراوە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی یەکێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە و جێبەجێکردنی پیلانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگایی کرد.
هەرچەند کە ئەو کەسەی دەسبەسەرکراوە دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە، بەڵام دادگای دانمارک بەڵگەی باوەڕپێکراوی لە بەردەستدایە کە ئەو کەسە لە هەوڵی تیرۆری سەرکردەی گرووپێکی ئەهوازی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دابووە کە لە وڵاتی دانمارک دەژی.
هەروەها ئەو بەڵگانە دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو داڕیژەری پیلانی ئەو کردەوە تیرۆریستییەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بۆ تێرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان و ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی لە هیچ هەوڵێک و لە هیچ شوێنێک درێغی نەکردووە و ئورووپاش یەکێک لەو شوێنانە بووە کە چەندین تێرۆری تێدا ئەنجامداوە و دەمێکە لە دادگاکانی ئورووپایی بە تاوانبار دەناسرێ و بەڵگە لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە کۆدەکرێتەوە و بەکرێگیراوە تێرۆریستەکانی دادگایی و زیندانی دەکرێن.












