کۆمەڵێک جاش و بەکرێگیراوی ڕێژیم ماوەی چەند مانگێکە لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان خەریکی دزی و ڕاووڕووتن.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، کۆمەڵێک جاش و چەکداری سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیم چەند مانگێکە لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان خەریکی دزی و ڕاوڕووتن، لەم ڕۆژانەدا چەند کەسیان لە کاتی دزیدا لە گوندی سەرچنار لەلایەن پاسگا و ئاگاهی میاندواو دەسبەسەر کران، بەڵام بەخێرایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواوەوە ئازاد کران.
ئەو گرووپە جەردە و چەکدارە سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواون و ماوەی ساڵێکە خەریکی دزین و کەلوپەل و ماڵ و مووچە و مەزرای خەڵک بەتاڵان دەبەن. ئەو گرووپە چەکدارە وێڕای دزی و ڕاوڕووت خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین لەسەر خەڵک و لە ڕێگەی سیخوڕییەوە خەڵکی ناوچەکە بە گرت دەدەن.
لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە دەیانناسن و دەزگا پێوەندیدارەکانیشیان لە کار وکردەوە و ڕاوڕووتی ئەوانە ئاگادار کردۆتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەو جاشانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەو ئەرکەیان پێسپێردراوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لێناکرێ و ئەوانیش بەردەوام خەریکی تاڵانکردنی ماڵی خەڵکن و درێژە بە خیانەت و جاشایەتی خۆیان دەدەن.