عەڕەبستان و ئەمریکا پێشوازییان لە بڕیاری دەوڵەتی ئاڵمان کرد کە حیزبوڵای لوبنانی بە تیرۆریست ناساند و هەموو کار و چالاکییەکی ئەو گرووپەی لەو وڵاتە قەدەغەکرد، ئەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نیگەران کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نێوخۆی ئاڵمان کە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی دەرکرا، ئەو وڵاتە حیزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە و دەستی کردووە بە گرتنی ئەندامانی گرووپەکە لەو وڵاتەدا و ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ئیزن بەو گرووپە و لایەنگرانی نادرێ کە لە وڵاتی ئاڵماندا هیچ چالاکییەک ئەنجام بدەن.
شایانی باسە کە پێشتر گرووپی حیزبوڵای لوبنان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی لێدەکا لە لایەن وڵاتانی دیکەشەوە لەوانە ئەمریکا بە تیرۆریست ناسێندرابوو، بەڵام ئەم بڕیارەی ئاڵمان کۆماری ئیسلامی زۆر نیگەران کردووە، بە چەشنێ کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەم بڕیارە وتی: “ئاڵمان باجی ئەو کارەی دەدا”.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە پێشتر باڵی سەربازی حیزبوڵڵای لوبنان بە تێرۆریست ناسێندرابوو، بەڵام باڵی سیاسی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە کار و چالاکییەکانی بەردەوام بوو و تا سەرەنجام ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخراوەکە بەهەر دوو باڵەکەیەوە بەتێرۆریست ناسێندرا.












