“هادی یەزدانی” کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری یەکيەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانى ئيران، “كۆميتەى شارى سەقز”، بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو، مامۆستایەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و لە سیما دیارەکانی کوردستان بوو، خزمەتێکی بەرچاوی بە بواری هونەر و ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەکەی کردوە، بەهۆی هەستی کوردایەتی و کاریگەریی بەرچاوی لەنێو خەڵکدا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هەڕەشەی لێکرابوو.
“هادی یەزدانی” مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز و ورمێ بوو، ساڵی ١٣٧٣ لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شاری سەقز دامەزرابوو، دواتر درێژەی بە خوێندن دا و لە زانکۆی ورمێ بە پلەیەکی بەرز دوکتۆرای لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی وەدەست هێنا.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی بانەمەڕ، لە کاتێک بۆ سەردانی بنەماڵەکەی گەڕابۆوە شاری سەقز، تەرمەکەی لە نزیک بەنداوی “چراغ وەیس” دۆزراوەتەوە.
مامۆستا “هادی یەزدانی” شارەزاییەکی باشی لە هونەری شانۆگەری و شێعر و نووسیندا هەبوو، وەرگێڕانی دیوانە شێعری “ئێوارەکە”ی سەید عەلی حوسێنی لە زمانی کوردییەوە بۆ فارسی، شەرحی “دیوانی کاتب”ی سلێمان بەگی بابان و کۆمەڵە شێعرێک بە ناوی “یک فنجان چای”، لە بەرهەمەکانی ناوبراون.
شایانی باسە ناوبراو لە شێعرەکانیدا هەست و سۆزێکی کەموێنەی بۆ نیشتمان و زێدەکەی هەروەها ڕێبەرانی کورد دەردەبڕی و هەر لەم پێوەندییەشدا ساڵی ڕابردوو پارچە شێعرێکی لە یادی تێرۆری دوکتور قاسملوودا هۆنیوەتەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک هادی یەزدانی و هەموو خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.