له ڕهوتی خهباتی گهلاندا كۆمهڵێك ڕووداوی چارهنووسساز و كهسایهتیی شوێندانهر له ساتهوهختێكی مێژووییدا سهرههڵدهدهن كه نه تهنیا له بیرهوهریی گشتیی گهلاندا به زیندوویی دهمێننهوه، بهڵكو دهبنه نوخته وهرچهرخانێك له بزووتنهوهی ئازادیخواز و ڕزگاریخوازی گهلهكهیان. شوێن – كاتی سهرههڵدانی ئهو ڕووداوانه و دهركهوتنی ئهو كهسایهتیانه پهیوهندیی ڕاستهوخۆی لهگهڵ پێویستییهكی مێژوویی بۆ گوورانی كۆمهڵایهتی و نهتهوهیی ههیه، به جۆرێك كه ساڕێژكهرهوهی كهلێنێكە کە بەرەنجامی گهشهنهسهندویی و وهستانه لەو شوێن-کاتەدا.
دهیهی 40ی ههتاوی له ڕۆژههڵاتهوه تا ڕۆژئاوای جیهان، دهیهی وشیاری و گهشهی ڕوحی بهرهنگاری و مافخوازیی گهلانه، دهیهی سهرههڵدانی بزووتنهوه كۆمهڵایهتی و نهتهوهییهكانه، دهیهی تۆماركردنی ئاڵوگۆڕه چارهنووسسازهكانی سهدهی بیستهمه. لە دەرەنجامی ئەو وشیارییەی گەلاندا دەیان ڕاپەڕین و شۆڕشی ئیلهام گرتوو لە ئەندێشەی چەپ سەریان هەڵداو ژمارەیەک دەوڵەتی نوێ بە نەقشەی جوغرافیی جیهانەوە زیاد بوون.
شەپۆلەکانی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە گەیشتە ئێرانی دراوسێی یەکیەتیی سۆڤیەت و تەنانەت خۆی لە ڕاپەڕینی چەکداریدا دیتەوە. سەرەتای ئەو ڕاپەڕینە چەکدارییە لە جوغڕافیای ژێر دەسەڵاتی حەمەڕەزاشادا، لە چیا و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەخماخەی لێدرا و خەونی ئێرانی ئارام و سەقامگیری لە لای دەسەڵاتی پاشایەتی بەتاڵ کردەوە، سەرهەڵدانێک کە عەوداڵی وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بوو.
لە بەهاری ١٣٤٦ی هەتاوی بەشێک لە ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان کە پاشخانێکی مەعریفیی نەتەوەیی و چەپیان هەبوو، بڕیاریاندا بگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە گژ سیاسەتە داپڵۆسێنەر و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی حاکم بە سەر ئێراندا بێنەوە.
بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ٤٦-٤٧ لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە شایانی وەرددانەوەو دەرس لێوەرگرتنەو هاوکات بۆشایی ڕکوود و سستیی خەباتی چەندین ساڵەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی بە جۆرێک پڕ کردەوە کە وەک سەرمایەیەکی مەعنەوەیی بەهێز، کاری کردە سەر گرێدانەوەو پێکەوەلکانی دوو قۆناغی شکۆداری مێژووی ئەو حیزبە، واتە سەردەمی کۆماری کوردستان و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران.
سەرەتای دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە ئێراندا هاوکاتە لەگەڵ کرانەوەیەکی ڕێژەیی فەزای سیاسی لە ئێراندا، کە لە ئەنجامی بزووتنەوەی خۆماڵی کردنی پیشەسازیی نەوتی ئێران و هەروەها لە ژێر فشاری دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکادا ڕوویدا. لەو قۆناغەدایە جووڵەیەکی گەرمی خوێندکاری لە ئێراندا سەرهەڵدەدا کە چەمکەکانی ئازادی و عەداڵەتخوازی و سەربەخۆیی وەک بزوێنەری سەرەکیی ئەو بزووتنەوەیە، خوێندکاران لە دەوری یەکدی کۆ دەکاتەوە.
لەو سەروبەندە و لە ساڵی ١٣٤٠ دایە کە خوێندکارانی کوردی ناو زانکۆکانی گەورەشارەکانی ئێران و بە تایبەت زانکۆی تاران، یەکێتیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراند. لە گەرمەی هەژموونی چەپ و دژە ئیمپریالیستیی ئەوکاتی ئێرانداو دابەش بوونی بەرەی چەپ بە سەر دوو جەمسەری سۆڤیەت و چیندا، کەشی سیاسیی زانکۆش بە تەواوی لە ژێر کارتێکەریی ئەو ڕوداوانەدا بوو. ئەوە لە کاتێک دایە بۆ خوێندکارانی کورد، پرسی نەتەوەیی و ویستی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی شاکلیلی چارەسەری لە پێشینەی کێشەکانی کۆمەڵگەی پەڕاوێزخراوی کوردستان بوون. کاک سمایلی شەریفزادە و هاوڕێیانی بە تێگەیشتنێکی قووڵ و مەعریفی لە ستەمی نەتەوەیی و ئاوێتە کردنی ئەرزشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی چەپ وەک گوتاری زاڵ بە سەر نەتەوە ژێردەستەکان لە سەراسەری جیهاندا، زانکۆیان جێهێشت و پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون تا لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان جووڵانەوەیەک وەڕێ بخەن و مێژووی خەباتی نەتەوەکەیان دەوڵەمەند و پڕشانازی بکەن.
جووڵانەوەی خوێندکاریی ساڵانی سەرەتای دەیەی ٤٠ هەرچەند لەوانەیە تەواوی ئێلێمانەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری تێدا بەدی نەکرێ، بەڵام هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە خوێندکارانی کورد لەو سەردەمەدا بڕوایەکی پتەویان بە پێگەی زانکۆ لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو و لەو پێناوەدا بە کردەوە هەنگاویان بۆ نا. پەیوەست بوونی کاراکتێرەکانی ئەو حەڕەکەتە خوێندکارییە بە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان بە سەرەتای پەیوەندیی فکری و تەشکیلاتیی ئەو حیزبە بە زانکۆ دادەنرێ.
ئولگووسازی لە کەسایەتییە خوێندکارییەکانی ئەو سەردەمەو بە تایبەت ناوزەد کردنی ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ واتە ڕۆژی شەهید بوونی کاک سمایلی شەریفزادە بە “ڕۆژی خوێندکاری کورد” لە لایەن خوێندکارانی دیمۆکڕات، ئاماژەیەکە بە کارتێکەریی ئەو قۆناغە مێژووییە لە سەر خوێندکارانی کورد لە ئێستادا.
خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کرانەوەیەکی ڕێژەییدا کە لە بیاڤی گشتی و بە تایبەت لە فەزای زانکۆکاندا ڕوو دەدا، بە پاراستنی کاراکتێری خوێندکاری و لە کۆنتێکستی خەباتی نەتەوەییدا چالاک دەبنەوە. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵە کۆتاییەکانی بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ڕێژەیەکی بەرچاو خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێراندا حوزووریان نەبوو، لە هەمان کاتدا شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری نەتەوەیی هەڵقوڵاو لە زانکۆکان بووین کە توانی شوێن پەنجەی بە ڕووداکانەوە دیار بێ و تەنانەت لە ڕەوتی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا دەورێکی گرینگ بگێڕێ.
خوێندکارانی کورد لە نیوەی دووەمی دەیەی ٧٠ و سەرەتای دەیەی ٨٠ کە بزووتنەوەی خوێندکاریی سەراسەریی ئێران دەرفەتی هاتنەوە مەیدانی بۆ ڕەخسا، بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و بە ئەزموونتر، داخوازییە سینفی و زیاتر نەتەوەییەکانی خۆیان لە گۆڤار و بڵاوکراوە و سێمینار و چالاکیی جۆراوجۆری دیکەدا چڕ کردەوە. دەکرێ ئەو قۆناغە بە شەپۆلی سێهەمی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی لە قەڵەم بدرێ.
هەر چەندە سیاسەتی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هەر لە داخستنی زانکۆکان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ و دوورخستنەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی جیابیر، ئیدئۆلۆژیزە کردنی ناوەڕۆکی زانستە مرۆییەکان، پەرەپێدانی ناهاوسەنگی زانکۆ لە ڕووی چەندایەتییەوەو هەروەها زاڵ کردنی کەشی ئەمنیەتی بە سەر زانکۆکاندا و زۆر هۆکاری تریش، بە کردەوە بزووتنەوەی خوێندکاریان تا ڕادەیەک سڕ کردوە، بەڵام بەرەوپێش چوونی بیری نەتەوەخوازی و بەنێونەتەوەیی بوونی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە نێو خوێندکارانی کورددا ڕەنگدانەوەی بەرهەستی هەیەو لە ئێستادا ڕێژەی پەیوەست بوونی خوێندکاران بە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. دوای تێپەڕبوونی ٥٢ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی کاک سمایلی شەریفزادە، خوێندکارانی کورد پەیوەست دەبن بە حیزبەکەی کاک سمایلەوە، تا وەدیهێنەری ئامانجە نەتەوەیی و دادخوازییەکانی بزووتنەوەی پڕشکۆی ساڵانی ٤٦-٤٧ بن.
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ڕۆژی خوێندکاری کورددا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەهید بوونی خوێندکاری سەرکردەی دێمۆکڕات کاک سمایلی شەریفزادە، پێداگری لە سەر بەردەوامیی ڕوحی نەسرەوتووی خوێندکارانی کورد دەکاتەوەو بزووتنەوەی پێشڕەوی خوێندکاری کوردی بە بزوێنەری سەرەکیی کۆمەڵگای کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری دەزانێ.
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی