وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: “شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان شیرکەتێکی تێرۆریستییە و دەبێ وڵاتانی جیهان ئاسمانی خۆیان بە ڕووی “ماهان”دا دابخەن”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گوڵانی ٩٩ی هەتاوی لە کونفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شیرکەتێکی تێرۆریستییە و لەم چەند ڕۆژەی دواییشدا چەندین گەشتی گوماناوی بۆ وێنێزۆئێلا ئەنجامداوە و سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە لە چینەوە بۆ خەڵکی ئێران.
شایانی باسە کە پێشتریش ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی بە فڕۆکەی ماهان چەکوچۆڵ بۆ سووریە و عێراق دەگوازێتەوە و دەبێ وڵاتانی جیهان ئیزنی فڕین بەسەر وڵاتەکەیاندا بەو شیرکەتە تێرۆریستییە نەدەن.
جێگای ئاماژەیە کە فڕۆکەوانی ماهان تەنانەت پاش ئاشکرابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چیندا، گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕانەگرت و ئەو پەتا کوشندەیەی گواستەوە بۆ ئێران کە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ئێراندا و هەنووکەش بەردەوامە.












