دوکتۆرێکی کورد خەڵکی کرماشان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانی لە دەستدا.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، دوکتۆر وەحید محەممەدی، دوکتۆری یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانی لەدەستدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە هەتا ئێستا دەیان کەس لە پزیشک و پەرەستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە. پزیشک و پەرەستارەکان خۆبەخشانە و ئازایانە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشەکان وەگەڕ خستووە و لەهیچ زەحمەت و ماندووبوونێک درێغیان نەکردووە. پزیشکەکان لەو توێژە ماندوونەناس و خۆبەخشانەن کە بوونەتە ڕەمزی هاودڵی و هاوکاری و فریاکەوتن و ئامادەبوون بۆ پاراستنی هاونیشتمانانیان شەو و ڕۆژ لە خزمەت گەلەکەیان دابن و سەرەنجام لەو ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی دوکتۆر وەحید محەممەدی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.